لەبارەی فیلمی “زاره” شاکاری بێ وێنەی سینەماکاری ئەرمەنی “ئامۆ بەیک نازارۆڤ”
ڕهزا ساڵحینیا
مەکتبەبی مۆنتاژ لە بیستەکانی زایینی، سینەمای بردە لووتکەیێکی بەرز کە ڕەنگە هیچ کات دووبارە نەگاتەوە پێی. فۆرمی مۆنتاژیێک کە ئایزێنشتاین بنەڕەتی دانا، ئەوەندە بەتوانا و داهێنانکارانە بوو کە تەواوی مێژوی سینەمای تا ئێستا لە ژێر سێبەری خۆی ڕاگرتووه. ئایزێنشتاین لە سەفەرێک کە بۆ هالیڤوود کردی، سینەمای ئەمریکایشی بۆ هەمیشە ژێر و بان کرد. ئێستەیش جێگەی دەستی مەکتبی مۆنتاژ لە سینەمای هالیڤوود و روژائاوا بە گشتی، بە تایبەت، لە کاتە (بڕین بەواتای تەکنیکی سینەمایی مەبەستە) سەرسۆڕهێنەرەکانی هەموو فیلمەکاندا دیارە. بەڵام سینەمای روژئاوا لە بنەڕەتەوە گرێدراوی پارە و قازانجی بازار ببووه و فۆرمی ڕادیکال و پێشڕەوی مەکتەبی مۆنتاژ بە تەنیایی ئەوەندە بە هێز نەبوو کە زۆری بە سەر ئابووری و کەلتووری بنەمای کومەڵگای روژئاوادا بشکێت. واڵتر بێنیامین لە وتارێکی زۆر گرینگ بە ناوی “هونەر لە سەردەمی وەچەخستنەوەی میکانیکی” ئەم زەبوونی و بێدەسەڵاتی ژێردەست بازار بوونی سینهمای روژئاوای زۆر جوان شیکردووەتەوە. لە بەشێک لە وتارەکە دەڵێت:
“روسیا، لە چالاکی سینەمایی بووەتە ڕاستیێکی فەرمی و باو. بڕێک لە ئەکتەرەکانی روسی بەو واتایە کە ئێمە لەبەر چاو دەگرین ئەکتەر نیەن; بەڵکوو مرۆڤی ئاسایین کە بەتایبەتی لە کاتی کارکردندا خۆیان وێنا دەکەن. لە روژئاوای ئەوروپا تاڵانکاری سەرمایەداری پێشەسازی سینەما، مافی مرۆڤی مۆدێرنی بو وەچەخستنەوە، پشتگوێخستوە. پێشەسازی سینەما لە ژێر بارودۆخی زاڵدا بەسەر روژئاوای ئەوروپا بە سەختی هەوڵ دەدا تاکو سەرنجی جەماوەر بۆ روانگەی وەهمی و خەیاڵی و تێڕوانینە نادیارەکان ڕابکێشێت.”
هەر لەم وتارەی بێنیامین کە لە سەرەوە باسکرا، بە باشی دەگۆترێت کە لە فیلمی سینەمایی “سێ گۆرانی بۆ لێنین”، بەرهەمی “ژیکا وێرتۆڤ” هەرکەسێک دەتوانێت بڵێت کە لە فیلمێک کایهی کردووە. چونکە ئەکتەری ئەستێرە یان سێلێبریتی لە فۆرمی پێشڕەوی مەکتەبی مۆنتاژ بە هۆی دەسەڵاتێک کە هەر ئەم فۆرمە رادیکاڵە دایوە بە سینەماکار دهسڕێتەوە تاکو جێگە باز ببێت کە مرۆڤی ئاسایی ببن بە ئەکتەری ڕاستهقینهی فیلمەکان. بەداخێکی زۆرەوە مهکتهبی مۆنتاژ لهو کاتهوه که وەزارەتی روشنبیری پارتی کۆمۆنیستی کوماری ساڤیێت یونیون لە ساڵانی سی زایینی و بەدوای زاڵبوونی تەواوی ستالینیزم بەسەر کومەڵگای سەرانسەری ئەو وڵاتە، وردە وردە دەکۆژێەتەوە و گەشەکردنی رادهوهستێت. ژدانۆف کە لهو سهردهمه نوێنەری ستالین لە وەزارەتی روشنبیریە بە ئاشکرایی ڕادەگەیێنێت کە تەنیا هونەری فەرمی و ڕێگەپێدراو لە ساڤیێت یونیون ریالیزمی سۆسیالیستیە و بەس. لە دوای ئەم دەسەڵاتی سەرانسەری و ستەمکارانەی پارتی کۆمۆنیست بە سەر کومەڵگای ساڤیێتدا، نەک تەنانەت فۆرمی سینەمای درەوشاوەی مەکتەبی مۆنتاژ، بەڵکوو تەواوی هونەری لە گەشەکردنی روسیا دەمرێت. ئەمڕو ئەتوانین بڵێین کە لەو سهردهمی درەوشاوەی هونەری روسیا ئیدی هیچ نەماوە جگە لە شاکارەکانی هونەرمەندەکانی نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدە و نیوەی یهکهمی سەدەی بیستەمی زایینی. ئەم سەردەمە بەنرخە و بەرهەمدارەی هونەری روسیا ئیدی بووەتە بەشێک لە مێژوی هونەر و جوانیناسی مرۆڤ بە گشتی. نازارۆڤ لە کاتێکدا فیلمی زارهی دروست کرد کە مەکتەبی مۆنتاژ لە بەرزترین جێگا و باشترین ڕوژگاری خۆیدا بوو. ئایزێنشتاین هەر لە ئەم سەردەمەدا شاکارە بێ وێنەکانی خۆی وەک “کروزەی پۆتێمکین” و “مانگرتن” و “شۆڕشی ئۆکتۆبر” دروست کرد. فیلمی “زاره” یهکهمین فیلم لەبارەی کوردەکانە و لە ڕێگای چیرۆکێکی عاشقانە بە تەواوی چڕبووەتەوە لە سەر کهلتور و کومەڵگای کوردی.
فۆرمی تایبەتی مەکتەبی مۆنتاژ ئەو دەرفەتەی بە نازارۆڤ داوە کە لە ڕێگەی گێڕانەوەی چیرۆکێکی ئەڤیندارانەی سینەمایی بە باشی دزەکاتە نێوی کومەگای کوردی و بارودۆخی ئەو کاتەی گەلی کورد به جوانی بکات به فیلم و لە هەمان کاتدا چیرۆکە عاشقانەکەی فیلمەکەیش بە باشی و جوانی بکێشێت و وەزع و حاڵ و روژی مرۆڤی کوردیشی لە سەرەتای گەشەکردنی مۆدێرنیزاسیونی ئەمپریالیستی بە باشی شیکردووەتەو و نیشانی داوە. هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی چیرۆکی فیلمەکە، نازارۆڤ سەرنجمان ڕادەکێشێت بەرەو کۆیلەیی و ژێردەست بوونی گەلی کورد. بهڵام له درێژهی فیلمهکه پێمان دهڵێت که کورد وهکوو گهلانی دیکه پێویسته که له ههمان کاتدا لهگهڵ نهریته کۆنهپهرستانهکان و کهلتوری دژبهژنی خۆیشی بهشهڕ بێت. فەرمانێک لە مۆسکۆوە دێت بۆ قایم پارێزگاری ئەرمەنی لە یەرەوان کە ئەبێت لەشکرێک لە کوردەکان دروست بکرێت و بنێردرێت بۆ بەرەی شهڕی نێودەڵەتی ئەوەڵی جیهانی. قەرارە ئهم لهشکره که لە ههژارانی کورد پێکدێت، لهژێر دەسەڵاتی ژنراڵە روسەکانی پاشایەتی تێزار بکرێن بە گۆشتی بەر گۆڵڵەی تانک و تۆپ و تفەنگ. بێ دەسەڵات بوونی گەلی کورد لە مێژەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆردارەکان و داگیرگەرەکانی کوردستان مرۆڤی کورد لەبەر قازانجهکانی خۆیان بە کۆشتن بدەن.
فەرمانە دەوڵەتیەکەی موکسۆ لەگەڵ بودجەیێک دەوڵەتی پێنج هەزار ڕوبڵی دەگاتە دەستی پارێزگاری یەرەوان. ئەو پارەیە تا دەگاتە ئەفسەرێکی پڵەخواری ئەرمەنی دەبێت بە هەزار ڕوبڵ. ئەم ئەفسەریشە هەزار ڕوبڵەکە لای خۆی گلئهداتەوهو و قایمقامی ئهو شارستانه ئەنێرێت بۆ ڕەشبگیری بۆ نێو ئیلە کوردە ئیزەدیەکان کە لەشکرێک لە بەکرێگیراوەکان لە پیاوانی کورد دروس کات و بیانێرێت بۆ بەرەی شەڕی روسیا و ئەلمانیا و هیچ لە پارەکەیشی پێنادات. دواترستیواردی قایمقامهکه پێی دەڵێت قەیدێ ناکات چون کوردەکان گێل و نەزانن و ئەو ئەتوانێت پارەیشیان پێنەدات و تەنانەت پارەیشیان لێ وەربگرێت و لەشکریش لێیان دروست بکات.
ستیواردەکە هەروایش دەکات. ئەوەی لەدوای گێڕانەوەی چیرۆکی فیلمەکە دێت نیشان دەدات که نازارۆڤ زۆر بە باشی کهلتور و کومەڵگای کوردی دەناسێت و بە باشترین دۆخیش لە فۆرمی سینەمایی مەکتبەبی مۆنتاژ بەهرە وەردەگرێت تا بارودۆخی ئەو کاتەی کوردانی ئیزەدی لە ئەرمەنستان نیشان بدات. ڕەنگە دو پاشایەتی عۆسمانی و ئێرانیش هەر لە ئەو سەردەمە، به ڕهوتێکی زۆر ستەمکارانەتریش لەگەڵ کوردەکان مامەڵەیان کردبێت. تورک و فارس زۆر لە پێشتر بە سەر کوردان زاڵ بووبوون و باشتر دەیانزانی چۆن ئەو گەلە قڕکەن و سواریشیان بوون و بۆ قازانجەکانی خۆیشیان بیاندەن بە کۆشتن. لە ئەوەڵین زنجیرەی فیلمەکە لە نێوە ئەو گۆندهی کە چیرۆکی فیلمەکە قەرارە لەوێ ڕوو بدات، ئەو جێژوانی عاشقانە دەبینین که ڕهنگه ههمووی کوردەکان لە ڕێگای گورانیە ئەویندارانەکانی موسیقای کوردی بە درێژایی تەمەنیان گوێیان لێ گرتبێت گهرچی خۆیان نهیاندیبێت. “سیدو” ی چیرۆکی فیلمەکەی نازارۆڤیش هەر لەم جێژوانە پڕ لە جوانی و نۆستالژیای موسیقاییە ئەڤینداری “زاره” دەبێت. ئێمەی کورد که لهوسهردهمه نهژیاوین، ناتوانین بە وێنەی ئەڤینی کوردانەی بەربڵاو لە موسیقای فۆلکلورمان، زۆرتر له وێنهکانی ئهم فیلمه نزیک ببینەوە. ئەتوانین بڵێین کە ئێستا هیچ وێنەیێک نیە کە بەقەد ئەم فیلمەی نازارۆڤه نوێنەرایەتی عەشقی ئهو سهردهمهی کۆڕی کوردی شوان و کچی کوردی گۆزەی ئاو بەشان لەسەر کانیەکانی کوردستان بکات. وەکو بڵێین نازارۆڤ هەر لەو کاتەی وا فیلمەکەی دروست کردووە، زانیویێتی کە چ خزمەتێکی گەورەی بە کۆمهڵگای کوردی کردووە چونکە بەرهەمەکەی پێشکەش بە کولتوری گەلی کورد کرد. شایەد لە داهاتوودا بتوانین بڕێک وێنه و نەقاشی و فیلمی ئارشیڤیتر پەیدا کەین و مێژوی خۆمان بەم بەڵگەنامانە لە ڵێڵی دەربهێنین و ڕوونتری کهین. بەڵام بۆ کوردێک کە یەکەم جارە شاکارەکەی نازارۆڤ دەبینێت، ئەم زنجیرانهی سەر کانی فیلمەکەی زاره پێویست دەکات کە تەواوی گورانیە عاشقانە فۆلکلۆرەکانی کوردی جارێکی تر گوێ بداتهوا. دەنگ و ڕەنگ و باری دەروونی تەواوی ئەم گورانیانە لەمەودوا بۆ کوردهکان لە بواری جوانیناسی و تێگەیشتن و ههست وەرگرتنی بەرهەمی هونەری دهگۆڕدرێن. ئەم فیلمە ئەوەندە کاریگەری لەسەر هەست و بڕوای هونەری ئێمهی کورد هەیە کە ژیانمان بۆ هەمیشە دەگۆڕێت. کامێرای تایبهتی نازارۆڤ به باشی چووهته نێو دڵی کهلتوری کوردی و وێنههایێکمان پێنیشان دهدات که ڕهنگه کوردانی ئهم سهردهمیشه به هۆی تووش هاتن له تۆڕی ئاپاراتووسه ئایدیولۆژیکهکانی میدیاکانی داگیرکهرهکان پێی نهزان بن. هێشتا به باشی نازانین که تا چ ڕادیێک مێشکمانیان له کڵێشهکان پڕکردووه. یهکێک له زاڵترین کڵێشهکان، شاردنهوه یان سڕینهوهی ڕۆڵی ژنی کورد بهگشتی له کۆمهڵگای کوردیه. ئهم ڕاستییه ناشارێتهوه که کۆمهڵگای کوردیش وهک نهتهوهکانیتر بێباکتر بووگه و خاڵی زۆرتری له پیاوان گرتووه. ههر له سهرهتای فیلمهکه و لهو بهشهی که ژنێکی کورد لهبهر پاراستنی مانگایێکی دو گیان ههڵمهت دهکاته سهری پیاوێکی کورد، نازارۆڤ نیشانمان دهدات که ژنانی کورد لهبهر پاراستنی ژیان موواخێزهی پیاوانیان کردووه تهنانهت دایانه لێیشیان.
مارکۆ پۆلۆ لە گەشتنامەکەی خۆی کە یەکێک لە گەورەترین بەڵگەنامەکانی ئەوروپایی لەبارەی ژیانی گەلانی روژهەڵات لە سەدەکانی سێزدە و چواردەی زایینی که لە ئاناتولی تا چین دهگرێتهبهر، لەبارەی کوردەکان دەڵێت کە وەک باقی میلەتەکانی روژهەڵاتی ناوەراست زۆربەیان مۆسڵمانن بەڵام دیارە بە بۆنەی ژێردەست بوون فەقیرترن و وەزعی خواردنیان لە عەرەب و فارس و تورکەکان زۆر خراپترە. دەڵێت زۆر پاک و خاوێن ترن و ڕەنگە ئەمە لەبەر ژیان لە نێو چیاکان بێت چونکە ئاو لە وڵاتی کوردان زۆرترە. دەڵێت تەنیا گەلێک لە روژهەلاتی ناوەڕاستن کە من دیتم ژنەکانیان وەک ژنانی وڵاتی ایتالیا تێنە پیری مێوان و تەنانەت لەگەڵ میوانەکانیش قسان دەکەن. دەڵێت کە لە دیتنی ئەم چتە سەری سۆڕماوە چونکه لە سەردانەکانی بۆ نێو عەرەبەکان و فارسەکان و تورکەکان هەرگیز نەیتوانیوە کە ژنەکانی ئەم گەلانە ببینێت. دەیشڵێت فەقەت ئاغا و بەگ و مالکەکانیان زیاتر لە یەک ژنیان هەیە و ڕهنگه بەو هۆکارە بێت که خەڵکی ئاساییان زۆر فەقیرن یان ژنەکانیان بە هۆی ژین لە نێو چیاکان گەرم و گۆڕتر و بێباکتر بووگن و کەمتر ژێردەستی پیاوان قبوڵ دەکەن و دیارە کە ژینی گەلی کورد لە نێو چیاکان تەسیری زۆری لە کولتور و کومەڵگای کوردی هەبووە. بەڵام ڕهنگه مارکۆ پۆلۆ لهم بابهتهوه به ههڵه چووبێت چونکه کێڤەکانی کوردستان کەش و هەوایێکی خۆشتریان لە دەشت و بیاوانەکانی فارسستان و تورکستان و عەرەبستان هەیە و بەو خاترە دەبا ژنی کورد زۆر لەتیفتر و زەلیلتر لە ژنانی گەلانی تر ببایێت. مارکۆ پۆلۆ لە دوایین ڕەستەکانی لەبارەی کوردان دەڵێت ژیانی ئەم گەلە بە چیاکان گرێدراوە و زۆربەی ئەو چتانەی کە دەیخۆنیش لە چیاکان کۆی دەکەنەوە. ئهو جۆرهی که مارکۆ پۆلۆ دهڵێت، ئەو وردە ماڤ و ئازادیەی کە ژنی کورد بەدەستی هێناوە لەبەر چیاکانە بەڵام ڕەنگە پێویستی بە کەشو هەوای شاخاوییەوە نەبێت. بەخێوکردنی خێزان و شوانی کردن و ڕاوکردن لە کەژ و کێڤ زۆر سەختترە و دیارە پیاوی کورد بۆ ئەوەی بتوانێت ژیانی ڕەق و ماندووکەری خۆی ساکارتر بکات ناچار بووە لە ژنەکەیشی یارمەتی زۆرتر بگرێت و لەبەر ئەم یارمەتیشە پێویست بووە کە بە ژنان خاڵ بدات. چیاکان لە بوارێکەوە کوردەکانیان لەیەک دور خستووەتەوەو و بوونەتە هۆی ئەوەی کە تەنانەت زاراوەکانی زمانی کوردی زۆر فەرق بخەن و یەکیەتی کوردانیشی به هۆی دژواری هاتووچۆ کردن له ڕێگاکانی چیاکان لە ساڵانی گرینگی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی سهختتر کردبێت. لە بوارێکی تریشەوە چیاکان لە پێش سەردەمی هاوچەرخی کوردستان بوونەتە هۆکاری ئازادتر بوونی ژنی کورد لە ژنانی دەراوسێمان و ههر ئهم شاخانهیش سەد ساڵه شۆڕشی گەلی کوردیان پاراستووە. ئەگەر چیاکان نەبوایێن ڕەنگە تا ئێستا لە نێوە گەلانی داگیرکەری کوردستان تاویاببووینەوە. لە فیلمەکەی نازارۆڤ ژنانی کوردێک دەبینین کە هێشتا بێباک و بەتوانان و لە بەرامبەر ئاغای ئیلیشدا مل کەچ ناکهن و خۆڕاگریشن. لە یەکێک لە زنجیرەکانی فیلمەکە، زاره و ژنی ئەوەڵی ئاغا نەفرەتی هەوەیی دەکەنە جۆرەیێک لە رەفیقایەتی کچانە و ئیرەیی نێو ژنان تێپەڕ دەکەن. زاره تیپێک لە کچێکی شۆڕشی کوردە کە هێشتا بە تەواوی گەشەی نەکردووە. دیارە کە ئەم تیپە لە کچی کورد بەو هۆکارانە کە لەسەرەوە وترا لە سەردەمێک کە چیرۆکی فیلمی زارێ دەگێڕڕێتەوا فراوانتر بووە. لە سالانی حەفتای زایینی و لە فیلمێکی “یێڵماز گۆنەی” بە ناوی “ڕان” دەبینین کە ئەم تیپە کچانە لە نێو ئیل و گۆندەکانی کوردستان نۆقم دهبن. کارەکتری ژنی نێو فیلمەکانی گۆنەی زۆر زەلیل و بێدەسەڵات بووە. دیارە گۆڕانکاری بنەڕەتیێک کە کاپیتالیسمی ئەمپرالیستی بەسەر کوردستان هێنایوە، بووەتە هۆکاری ئەوەی کە کوردەکان لەم سەد ساڵی ڕابردووە هەتا ساڵەکانی هەشتای زایینی، لهجیاتی ئەوەی ژیانیان باشتر ببێت، زۆرتر دوادهکەون.
ئاندرێ بازێن و ترۆفو و گۆدار و بەشێکی تر لە سینەماکاران و ڕەخنەگرانی سینەمای فەرەنسی لە ساڵانی دوای شەڕی دوهەمی جیهانی گۆڤارێک لهبارەی سینەما دادەمەرزێنن بە ناوی “کایێدو سینەما” کە لە زمانی فەڕەنسیدا بە واتای کتێبی سینەما دێت. لە یهکهمین ژمارەی ئەم گۆڤارە وێنەیێک لە یەکێک لە فیلمەکانی سینەماکاری ئەمریکی “بیلی وایڵدێر” بە ناوی “سانسێت بولڤار” لە پەڕەی پێشەوە دادەنێن. ئەم وێنەیە لە یەکەم بینیندا دژایەتی لەگەڵ سەروتارەکەی ئاندرێ بازێن هەیە. بازێن سهروتارهکهی ئهو ژمارهیهی به جۆرێک نووسیوه که دەتوانین بڵێین ڕوونێکی دژ بە سینەمای هالیڤوودە. ههر لهو سهروتاره دەڵێت کە ئەوڕۆ و هیوا بە زیندووکردنەوەی سینەما لەدەستچووە و ئەبێت بۆ خولقاندنی چتێکی جیاواز بکۆشین کە دواتر لیوتار پێی دەڵێت ناسینەما. بەڵام وایڵدێر بە ئاشکرایی لە هالیڤوود کاری دەکرد و پارەی تەواوی فیلمەکانیشی، کۆمپانیاکانی فیلمسازی ئەمریکی دەیاندا. سانسێت بولڤاریش فیلمێک بوو کە لەباری فۆرم و ناوەڕۆک لە باقیەکەی تری فیلمەکانی دروست کراوی هالیڤوود دەچوو. تەنها ئەتوانین بڵێین ئەم فیلمە کە ناوی شەقەمێکی فەڕەنسی لێنراوە، بەهەڵە نێوی شەقامێکە گەڕەکێکی دەرەوەی شاری لۆسانجلێسه. بەڵام لە شەقامی سانسێت بولوڤاری پاریس یهکهمین ستودیۆی فیلمسازی مێژوی سینهما دروست کرابوو و ئێمە دەتوانین بڵێین کە نێوی فیلمەکەی وایڵدێر واتای ئەوەی هەیە کە بزانین قەرارە بگەڕێینەوە بو سهردهمی سەرەتای مێژوی سینەما. چیرۆکی فیلمەکەیش ماتەمینی ئەستێرەیێکی سەردەمەی سینەمای بێدهنگه کە لە کاتی گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو فیلمە پیر بووە و ناوباگەکەی لەدەستچووە. ئەم ژنە کە جگە لە پارە و نۆستالژیای بەناوبانگیەکەی خۆی لە کاتی جەوانی هیچی بۆ نەماوەتەوە، بەقەد منداڵێکی بچکۆلەیش زانست و تێگەیشتنی سەبارەت بە سینەما نیە. ئەم ژنە بۆ بەناوبانگیەکەی خۆی لەو سەردەمە دەگری و سینەمای لە ڕوانگەی خۆپەرستی خۆیەوە دەوێت. دامەزرێنەرانی کایێدۆ سینەما دەزانن کە بیلی وایڵدێر بەدوای نۆستالژیا و شین و گریان بۆ کارەکتەری چیرۆکی فیلمەکەی خۆی نیە چونکە گاڵتەی پێدەکات و پێمان دەڵێت ئەکتەر لە سینەمادا زۆر لە کامێرا گرنگی کەمتره و ڕەنگە ئاندرێ بازێن خۆشی لەم پەیامی سینەمایی وایڵدره هاتبێت. بەڵام هێشتا چتێکی گرنگتر و ناوەندیتر لەم فیلمی وایڵدێرە هەیە کە لە دامەزرێنەرانی کایێدو سینەما وایکردووە کە وێنەی پەڕەی پێشووی ئەوەڵین ژمارەی گۆڤارەکەیان تەرخان بکەن بۆ فیلمی سانسێت بولڤار. بیلی وایڵدێر لەم فیلمەدا دەڵێت کە ناوەندگەرایی قازانج و پارە لە ئابوری پێشەسازی سینەما بە پێویستی بووەتە هۆکاری ئەوەی کە لە ئەگەرەکانی بەهێز و ڕادیکاڵی سینەما لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی بیستم تەنها ئەکتەری ئەستێرە بمێنێت. مەکتەبی مۆنتاژ کە دەتوانین پێی بڵێین مەکتەبی دژە ئەستێرە، هەر لە سەرەتای دەستپێکردنیەوە هەوڵیدا کە ئەکتەر بەواتای ئەستێرە بسڕێتەوا تا هەمووی مرۆڤەکان بتوانن ببن بە ئەکتەر. بۆ نمونە لە فیلمی “کروزەی پۆتێمکین” هیچ ئەکتەرێکی سەرەکی بە واتای ئەستێرەکانی هالیڤوودی نیە. تەنانەت لە فیلمی ئوکتۆبرەکەیشی ناتوانین بڵێین لێنین ئەکتەری سەرەکیە. ئێمە لێنین لە نێو هەڤاڵەکانی لە پارتی بۆڵشویک یان لەو کاتانەی کە خەریکی قسەکردن بۆ کرێکارەکان و جووتیارەکانە دەبینین. کامێرا بۆ یەکجاریش ناچێتە نێو ژیانی کەسی لێنین و ئەم سەرۆکی سیاسی و نەتەوەیی کۆمەڵگای سەردەمی شۆڕشی ئوکتۆبریشە لە فۆرمی ڕادیکاڵی مەکتەبی مۆنتاژ لە خەبات و مرۆڤە ئاساییەکان جۆدا ناکرێتەوە.
یەکەمین چتێک کە لە فۆرمی مەکتەبی مۆنتاژ فێردەبین ئەوەیە کە فیلم لە سڕینەوەی وێنە زیادەکان پێک دێت نەک پێکهێنانی هەمووی وێنەکان. واتا فیلمسازی نەک بنیاتنان، بەڵکو تێکشکاندنە. بۆ داهێنانی ناسینەما کە بە ئاشکرایی نکۆڵیکردنی سینەمای داب و نەریتی فەرمی سەردەمی دوای مردنی سینەمای بێدەنگە، پێویستی بە تێکشکاندن گرنگترە لە بنیاتنان. واتا ناسینەما جۆرێکە لە تێکشاندن. مۆنتاژکاری سینەمای بێدەنگ لە ڕوانگەیێکی بەگشتی و سینەمای مۆنتاژ بە تایبەت، بزوێنەرەکانی (فرێمەکانی) یەکگرتووی فیلم تێکدەشکێنێت و دەیانکات بە هەزاران لەت و دوایی بەشی زۆریان فڕە دەدات و ئەو بەشەکەی تر کە ماوەتەوە بەو دۆخە بەکار دێنێت کە نیگارکێش رەنگ و قەڵەم بەکاردێنێت. زۆر گرینگە لەبیر نەکەین کە سینەما هونەرێکی بینراویە نەک چیرۆک گێڕان یان نوواندنی. بنەمای بنەڕەتی سینەما وێنەس نەک وشە و لەئەنجامدا تەوەری ناوەندی جوانیناسی سینەمایش بینراویە و ڕەنگە بە لەدەسچوونی ئەم جەوهەری فەلسەفی هونەری سینەمایشە، سینەما خۆیشی بمرێت. لە ڕاستیدا سینەما لە سەردەمی هاوچەرخدا لە مێژەوە مردووە. سینەما لەوکاتەی کە دەمی کردەوە و هاتە قسەکردن، ڕێگای بۆ لەناوچوونی خۆی کردەوە. ئەفسوونی دەنگ و قسەکردن و گوێگرتن بۆ سینەما زۆر کوشندەتر بوو لە دەنگی گورانی سیرێنەکان بۆ ئۆلیس و دەریاوانەکانی. تەکنەلۆژیای تۆمارکردنی دەنگ و ئەکتەری ئەستێرەی پێشەسازی سینەمای سەرمایەداری بوونە هۆکاری پچڕانی پەیوەندی پێویستی سینەما و نیگارکێشی و ماوەیێکی زۆرە کە لە سینەما تەنها نێوی سینەما ماوەتەوە و ئەویش خەریکی ژاک دایین (قسەکردنی بێمانا لە سورانی جافی) و چیرۆک گێڕانە و گۆڕاوە بۆ کارگەیەک کە گرنگترین هێڵی بەرهەمهێنانی دروستکردنی کاڵایێکە بە نێوی ئەکتەری ئەستێرە یان سێلێبریتی. ئەم کاڵای زیندووی لەناودا مردووە بوەتە سەینتی نوێی ئایینی سەرمایەداری کە هەموو کەس دەیپەرەستێت و ئهستێرهیش بە هۆی پارەی زۆر و بەناوبانگی، ڕێگا بەخۆی دەدات کە تەنانەت ببێت بە سەرۆک کۆماریش یان خۆی بە سەرکردەی راپەڕینە سیاسیەکان ڕەچاو بکات. ئەو ئەکتەری ئەستێرە کە مەکتەبی مۆنتاژی روسیا دەیەویست بیکۆژێت چونکە ڕێگای بە خەڵکی ئاسایی نەدەدا کە ببن بە ئەکتەری فیلم و ببینرێن، ئێستا داواکاری نوێنەرایەتی هەمووی مرۆڤی ئاسایی دەکات و دەڵێت ئامادەیە دەستی پیرۆزی خۆی بەسەر خەڵکی دۆزەخی نەفرەت لێکراو بکشێت و لەو حاڵەیدا کە بەزەیی پێیان دێت، نوێنەرایەتیان بکات. سەرمایەداری ئەم دەعبای ئەهریمنییەی لەبەر قازانجی بازار ڕاگرت و کردی بە خۆدایێکی گەمژە و نەزان کە ڕەنگە لە داهاتوو زیانێکی زۆرتر بە مرۆڤایەتی و تەنانەت شارستانیەتی بۆرژواییش بگەیێنێت.
مەکتەبی مۆنتاژ جار هەیە کە ئەکتەری تاکه کهس بە دۆخێک بە کار دەهێنێت کە لە شتێک وەک کورسی کەمترە و جار هەیە کە تەنها بایەخی بهپێوەری دانیشتووی پێدەبەخشێت. ئەکتەری ڕاستەقینە لە ڕوانگەی مەکتەبی مۆنتاژ نەک ئەستێرە، بەڵکوو خەڵکی جەماوەرە و بایەخی کەسی تاکەی بۆڕژوایی لە پێشەسازی سینەمایی (ناسینەمایی) ئەوان هەرگیز ناگاتە بایەخی پڵەی کامێرایش. لە ناسینەمای مەکتەبی مۆنتاژ خەڵکی جەماوەر و گۆمەڵگا لەدایک دەبێت و لە سینەمای داب و نەریتی فەرمی سەرمایەداری ئەستێرە یا هەمان سێلێبریتی. ناسینەما لە ڕێگەی کۆشتنی مرۆڤی تاکە ژیانی گۆمەڵگایی دەخۆڵقێنێت و سینەمایش لە ڕێگای کۆشتنی کۆمەڵگا و خەڵکی جەماوەر، مەرگ پێکدێنێت و خۆیشی دەبێت بە فریشتەی پاسەوانی بەر دەرگای دۆزەخ.
نازارۆڤ لە فیلمی ئەڤیندارانەی زارە، سیدو، یان هەمان کاراکتەری پیاوی عاشق تا ڕادەیەکی زۆر لادەبات تا ڕێگا بکرێتەوە بۆ بینینی نەریتەکانی کومەڵگای کوردی و ڕۆڵی ژنی کورد. بهڵام حهیفه که بهو بهشهی له فیلمهکه ئاماژه نهکرێت که سیدو له بهندیخانهیه و نهزهرۆڤ خهیاڵهکانی سیدو به خستنی وێنهکان بهسهریهکدا دهکێشێتهوا. له فۆرمی سینهمای بێدهنگ بهگشتی، خهیاڵ دهکێشرێت و نیشان دهدرێت و پێویست نیه که بگۆترێت. سینهما خۆی جۆرێکه له خهیاڵ زۆر ناخۆشه ئهگهر له سینهما خهیاڵ بگێڕینهوا. له فیلمهکهدا، نازارۆڤ زاره زۆرتر دێنێتە پێش چاو تا نەریتەکانی دژ بە ژن و ئەڤین و ژیان و خهباتی هاوکاتی ژنانیش باشتر دەرکەوێت. لە ڕاستیدا فیلمی زاره لە پێناوی گێڕانەوەی چیرۆکێکی عاشقانە خەریکە کولتوور و کومەڵگای کوردی بە ڕەوتێکی سینەمایی (ناسینەمایی) دەکێشێتەوە. نازارۆف لەم فیلمەدا نەک گێڕەوەر، کە نیگارکێشی کومەڵگای کوردی لە سەد ساڵ لەمەوبەرە. نازارۆڤ فرێمەکانی فیلمەکەی وەک ڕەنگ و کامێرای وەک قەڵەم بەکار هێناوە تا نیشانمان بدات که کومەڵگای کوردی لە سەرەتای هاتنی مۆدێڕنە بۆ روژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کوردستان بەتایبەت چۆن بووە. بەداخەوا کورد هەتا ساڵهکانی حەفتا و هەشتای زایینی تێنەگەییشت کە ژنی کورد لەبەر خاتری مێژو و جۆگرافیای شاخاوی کوردستان دەتوانێت ببێتە شەڕوانێکی بەهێزتر و بێباک تر و ڕەنگە ئەگەر زووتر هاتبایەتە نێو ڕیزی پێشمەرگە و گەریلا، ئێستا ئێمە گەلێکی چەوساوە و بندەست نەبوایێین. سیدو و زارە لە کۆتایی فیلمەکەدا بۆ شاخەکانی کوردستان هەڵدێن و زارە دەم و چاوی خۆی کە لەبەر بۆختانی ناڕەوای تهیمور(ئاغا) یان بەگی جاش ڕەش بووەتەوە دەشۆت و تریفەی جوانی کچانە دووبارە لە ڕوومەتی دەدرەوشێتەوە. خورافاتەکان لە نێو دەستی مەلا و شێخ و قەیخاکانی کورد گشت کاتێک ئامرازێک کارگەر بووگن و زۆربەی کات دژ بە ژنان بەکار براون. کچی کورد به شۆڕش له نێو کۆمهڵگایه کە دەتوانێت ژێردەستی ژنان و کۆنەپەرەستی کۆتایی پێبێنێت. نازارۆف بێ ئەوەی کە خۆی ئاگای لێبێت، یەکەمین کاتی لەدایکبوونی پێشمەرگە و گەریلای بۆمان کێشاوەتەوە. لە داهاتووی پاش ئەم بەرهەمە شاکارەی مەکتەبی مۆنتاژی روسیا، بە هەزاران کچ و کۆڕی عاشق و دلوڤانی کورد ئەڤین و خۆشەویستی نێوان خۆیانیان له نێو کۆمهڵگا کرد به بهشێک له ڕاپهڕین یان ئهو ئەڤینهیان هەڵگرت و لەگەڵ خۆیان بردیان بۆ شاخەکانی کوردستان تاکو ئەڤین و شۆڕشی مۆدێڕنی گەلی کورد پێکەوە لەدایکبن. کۆتایی باشی فیلمەکەیش بە دۆخی شۆڕشگێڕانەی ئەو سەردەمە گرێدراوە. تەنها 11 ساڵ لە شوڕشی ئۆکتۆبر تێپەر بووبوو و هێشتا هیوای ڕزگاری و ئازادی خوازی گەلانی ژێردەستی روژهەڵات لە ژێر چەکمەی ستالێنیزم وێران نەبووبوو. مەکتەبی مونتاژ، سینەمای گەیاندبووە بەرزترین لووتکەکانی هونەر و گەلانی چەوساوه و بێدەسەڵاتی روسیا بۆ ئەکەمین جار توانیبوویان پاشایەتی تێزارەکان لەو وڵاتە کوتایی پێبێنن و ئاسویێکی ڕوون لە پێش چاوی هەموو گەلانی بندەست و چەوساوە و بێدەسەڵات بکەنەوە. کۆتایی باشی ئەو فیلمە لە بوونی هیوا لەو غۆناغەدا سەرچاوە دەگرێت و خۆی بەسەر فیلمەکەدا دادهسەپێنێت.
لە سەرەتای لەدایکبوونی سینەما لە فەرەنسا تاکوو ئێستا، فیلم هایێک دروست کراوه کە یان لەبارەی گەلی کورد و کوردستان بووە یان کوردیش بە جۆرێک لە نێویدا بووگن. لەبەر نەبوونی دەوڵەتی کوردی، گەلی کورد لە نهتهوهکانی دەورووبەری خۆی کە دەوڵەتیان هەبووە و دەوڵەتەکانیشیان داگیرکەری کوردستان بووگن، کات و پارەی ئەوەیانە نەبووە کە خۆیان لە فیلمەدا بکێشنەوە مهگهر به دهگمهن. بەو خاترە گەلی کۆرد مێژوی هاوچەرخی زۆرتر بەدەست داگیرکەرانی خاکەکەی یان ئەورووپاییەکان نووسراوە. چەمکی بەرهەمی هونەریش بە دۆخی خۆی گێڕەوەری مێژووە. بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە فیلمی زاره تاکو ئێستا بەنرخترین (لە بواری جوانیناسی) و هاوسۆزترین فیلمێک بووە کە غەیری کوردێک دروستی کردووە. فارس و تورک و عەرەب و تەنانەت ئەوروپییەکانیش لە فیلمەکانیان گاڵتە بە کورد دەکەن و بۆختانی پێوه دهبهستن و کڵێشەی درۆی بۆ دروست دەکەن تاکو بە پرۆپاگاندای میدیایی و کهلتوری بتوانن بە داگیرکهری و تاڵانکردنی کوردستان بۆ ماوەیێکی زۆرتر درێژەپێبدەن. فیلمی زاره تەنانەت لە فیلمەکانی یێڵماز گۆنەی و ئەو فیلمسازە کوردەکانی تەواوی پارچەکانی کوردستانیش هاوسۆزانەتر و بەهێزتر و بەنرختره. یێڵماز گۆنەی لەبەر بەکارهێنانی فۆرمی نێئوڕیاڵیستی و جێگا و شوێنی خۆی وەک کوردێکی هونهرمهند، زمانێکی سینەمایی (ناسینەمایی) تاڵتر بۆ ڕەخنەگرتن لە کەلتور و کومەڵگای کوردی بەکار دەهێنێت. ئەرمەنییەکان لە ڕوانگەیێکی مێژویی و شوێنەوارناسی، ئەو کوردانەی بوون کە لە کۆتایی حوکمڕانی ساسانییەکان و بەرلەوەی عەرەبەکان هێرش کەنە سەر ئەو ئیمپراتووریەتە و دین خەڵکی کورد بگۆڕێت بۆ ئیسلام، بووبوونە مەسیحی و چونکە مەسیحیەت لە ئیسلامدا بە ئاستی فەرمیەوە قبووڵ دەکرا هەر مەسیحی مانەوە. دوای بیستنی ئەو هەموو گورانی شۆڕشگێڕانە و فولکلوری ئارام تیگرانە و ئێستاش دوای دیتنی ئەم شاکاری نەزەرۆڤه بە دڵنیاییەوە دەتوانیین بڵێین کورد بێجگە لە شاخەکان تەنها یەک دۆستی هەیە ئهویش ئەرمەنیەکان. کورد و ئەرمەنی ئەگەریش یەک نهتهوه نەبن، وەک خۆشکان و براکانی یەک، یەکتریان خۆش دەوێت.

Leave A Comment