
نائارامی
بابەتی ئەم کتێبە ئەدەبییە، ڕۆمانێکە لە نوسینی زولفو لیڤانەلی، فەرهاد چۆمانی کردویەتی بە کوردی و ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی کردوەتەوە.
نوسەری ئەم کتێبە ڕۆمانەکانی بۆ چل زمانی گەلانی دنیا وەرگێڕدراون، بەهۆی ئاڕاستەی بیرکردنەوەیەوە خراوەتە زیندانی سەربازی و ماوەی یازدە ساڵیش لە غوربەتدا ژیاوە.
بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ وەک باڵیۆزی نیازپاکیی یونسکۆ کاری کردوە، دەستی لەکار کێشاوەتەوە و هۆکارەکەش بە ڕووداوەکانی وێرانکردنی شارەکانی باکووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەستوەتەوە.
“ئەگەر دیسانەوە بمخەیتەوە منداڵدانیشت، هێشتا ناتوانی بمپارێزیت دایکە!”
ئەمە دوایین قسەی حوسێن بوو لە دیدەنییەکەی لەگەڵ دایکیدا. ژنەی پیر هێندەی بگری خوێن زابووە چاوانی، بەدەم سڕینەوەی فرمێسکەکانی بە لاچکی دەسڕۆکەکەی ئەم قسانەی دووپات دەکردنەوە.
ڕەنگە بۆ قسەکردن لەم ساڵگارەی پێیدا دەگوزەرێین، دروستترین وشە بۆ گوزارشتکردن لە ڕۆحیەتی سەردەم، “نائارامی” بێت.
نائارامییەک کە پریشکی ئاگرێکە و تەڕ و شک دەداتە بەر خۆری و دەیسوتێنێت. ئەو هەمو شەڕ و وێرانکارییە، وێرانکاری نەک تەنها لەسەر ئاستی مادی و کاولبونی شارەکان، بەڵکو وێرانکردنی مرۆڤەکانیش.
ئەم ڕۆمانە بە باسکردنی چیرۆکی حوسێن دەست پێدەکات و بەرەو پنتێکی تەواو فراوان و جیاواز ئاڕاستەمان دەکات، توندوتیژی لەسەر بنەمای جیاوازیمان بۆ دەخاتە ڕو..
لەم مەملەکەتەدا کینەی ئیتنیکی، شەڕی تائیفی و مەزهەبی وای کردوە هەمو پێکهاتەکان ڕقیان لە یەک بێت، هەر کامیان بگری ئەو خۆی بە مافدار و لەسەر هەق بزانێت و لە هەموشیان زێدەتر خۆی پێ قوربانی بێت، نوسەر لەم کتێبەیدا، لە قەپێلکی نەتەوە و تورکبونی خۆی دێتە دەرەوە و لە مێردینی کوردان باس لە فەرمان و کۆمەڵکوژی و ڕفاندنی کوردانی ئێزدی دەکات.
لەم ڕۆمانەدا بەر توندڕەویی بیری ئایینی دەکەوین، توندڕەوییەک کە بڕواداری هەر ئایینێکی دیکە بە شایانی سەربڕین و کوشتن دەزانێت، چونکە موسڵمان نییە، وەک چۆن بەهەمان شێوە لەڕێی باسکردنەوەی حیکایەتی حوسێنەوە، باس لە گروپە توندڕەوە ئیتیکی و ئایینەکانی ئەمریکا دەکات کە ئەوانیش موسڵمانیان پێ قبوڵ نییە و توندوتیژی هەمەجۆریان بەرامبەر دەکەن.
Leave A Comment