جوانییەک لە توڕەبووندا

بابەتی ئەم کتێبە ئەدەبییە، گفتوگۆیەکە کە هیوا قادر سازیداوە لەگەڵ نوسەر شێرزاد حەسەندا، لە چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوەندی غەزەلنوسە.

سەرەتای کتێبەکە بە وەسفکردنی هیوا قادر دەست پێدەکات بۆ ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، کە تیایدا کورد لەم شکستەوە بۆ ناو ئەو شکستی تر وەک ماسییەکی سوور باز دەدات، ئاماژە بەوەش دەدات کە ئەدەب کورت کرابووەوە بۆ ئەو پەیامەی کە لە خزمەتی بارە سیاسییە گشتییەکەدا بێت، هەروەها ئەدەبی کوردی بە درێژایی دوو دەیەی پێشووتر تەنها کاری دروستکردنی پاڵەوانی سەرکەوتوو بووە، بەڵام لەم کاتەدا شێرزاد حەسەن جیاواز دەنوسێت، ئەو وێنای کەسایەتی شکستخواردوو و تەنیا دەکات، خەڵکانی نەبینراو و مرۆڤی بریندار بوون، بۆیە هاتنەکایەی نوسەرێکی وەک شێرزاد حەسەن گۆڕانێکی گەورە بووە بۆ ئەو سەروەختە.

پاش گەیشتنی شێرزاد حەسەن بۆ فینلاندا، هیوا قادر داوای لێدەکات دیدارێک پێکەوە ساز بکەن، بە جۆرێک لەگەڵ ناردنی هەر پرسیارێکدا چاوەڕوانی وەڵامەکەی بکات و دواتر پرسیارێکی تری بۆ بنێرێت، پرسیار و وەڵامەکانیان لە ڕێگەی فاکس و پۆستەوە گۆڕیوەتەوە، هاوکات ئەم دیدارە لە تەواوی دیدارەکانی تری جیاوازە، کە دەتوانرێت بە دیداری تەمەن ئەژمار بکرێت، بە قسەی شێرزاد حەسەن خۆشی دەڵێت، دوای ئەو دیدارە هەرچ قسەیەکی تری کردبێت دووبارەبوونەوەی هەمان ئەو قسانە بووە.

لەم دیدارەدا شێرزاد حەسەن بە جۆرێک خەیاڵ و یادەوەرییە بریندارەکەی دەتەقێتەوە، هەموو ئەو قسانە دەکات کە هەست دەکات پێشتر نەیکردوون، یان کردوونی و نەگەیشتوونەتە جێ. وەک ئەوە وابوو یەکەم جاری بێت جەستە هەلاهەلا و بریندارەکەی خۆی لەبەردەم ئاوێنەیەکدا ببینێت، بۆیە دەست دەکات بە باسکردنی مێژووی برینداری خۆی و ئینسانی کورد و ئەو هەموو ئازار و تراژیدیایەی کە هەمومان پشکێکمان تیایدا هەیە.

یەکەم پرسیار کە هیوا قادر ئاڕاستەی شێرزاد حەسەنی کردووە، ئەوە بووە بۆچی لە نیشتیمان دورکەوتوەتەوە و هاتوە بۆ ئەو سەهۆڵبەندانە؟ ئەویش لە وەڵامیدا دەڵێت: “ پرسیارێکی وا سادە، لە نێوان دوو دونیادا لەتم دەکات، ئێرە و ئەوێ، من لێرەم و کەچی بە رۆح هێشتا لەوێم، یان من وەها شپرزەم کە لە هیچ شوێنێکدا نیم، من نە سرەوتنم هەیە و نە جێگیر دەبم.”

Leave A Comment

Ghazalnus Cultural Foundation Logo

Celebrating Culture and Arts

Contact Us

Email: info@ghazalnusculturalfoundation.org

Phone: +9647703573757

Address: Sulaymaniyah, Kurdistan Region, Iraq

Ghazalnus Cultural Foundation